ئەدەبی کلاسیزمی کوردی

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-19-23:05:00 - کۆدی بابەت: 3470
ئەدەبی کلاسیزمی کوردی
شاعیر و ئەدیبان

ئینسکلۆپیدیای زانیاری- دوا دیالێكتی زمانی كوردی كە‌ بوو بە‌ بناغە‌ی زمانی ئە‌دە‌بی ئە‌و سە‌ردە‌مە‌ ...

ناوه‌ڕۆك

ئە‌دە‌بی كلاسیزمی كوردی 
 شێوازی كرمانجی خواروو 

دوا دیالێكتی زمانی كوردی كە‌ بوو بە‌ بناغە‌ی زمانی ئە‌دە‌بی ئە‌و سە‌ردە‌مە‌ و وە‌ك دیالێكتە‌كانی بە‌ ھۆی بارودۆخی سیاسی و كۆمە‌ڵایە‌تی و ئابوری و جوگرافییە‌وە‌ ئە‌دە‌بی بە‌رە‌و كزی یا نە‌مان نە‌ڕۆیشتووە‌، دیالێكتی كرمانجی خوارووە‌، كە‌ سە‌رە‌تا شێوە‌زاری (ساێمانی)ی ئە‌و دیالێكتە‌ بوو بە‌ بناغە‌ی قوتابخانە‌ی ئە‌دە‌بی تازە‌ی كوردی و لە‌ سە‌ردە‌می فە‌رمانڕە‌وای بابانە‌كانە‌وە‌ وە‌ك زمانی پە‌رە‌سە‌ندندایە‌ و وای لێھاتووە‌، كە‌ ببێت بە‌ زمانی ئە‌دە‌بی سە‌ردە‌م و زمانی خوێندنی قوتابخانە‌ و كاروباری ڕە‌سمی لە‌ كوردستانی عێراقدا .
ھە‌روە‌ھا لە‌ ڕووی نە‌خشە‌ی دیالێكتە‌كانی زمانە‌وە‌ ھە‌موو سنوری كرمانجی خواروو، واتە‌ (سلێمانی، سنە‌، سۆران و موكریان) و ھە‌موو سنوری دیالێكتی گۆران واتە‌ (ھە‌ورامی، زنگە‌نە‌، باجە‌لان، ڕۆژبە‌یانی...ھتد) بە‌شێكی زۆر لە‌ لوڕ بگرێتە‌وە‌ ھە‌روە‌ھا لای ھە‌ندێك نوسە‌ری كرمانجی سە‌روو، لە‌ ھەندێك بە‌شی ئە‌و ناوچە‌یە‌شدا ببێت بە‌ بناغە‌ی زمانێكی ئە‌دە‌بی تازە‌و یە‌كگتوو بۆ ھە‌موو كورد كە‌ لە‌سە‌ر بناغە‌ی تێكە‌ڵییە‌كی ڕاستە‌قینە‌ و زانستی پە‌یدا دە‌بێت و شە‌قڵی دە‌سكرد و دروستكراو نە‌بێت. جا لێرە‌دا چە‌ند پرسیارێك دێتە‌ پێشە‌وە‌:

  1. ئایا ئە‌و قوتابخانە‌ تازە‌یە‌ چۆن دروست بووە‌ و لە‌ كوێ دروستبووە‌؟ 
  2. ئە‌و گوڕو ھێزە‌ی چۆن پە‌یدا كردووە‌ و دە‌بێت لە‌ مێژووی ئە‌دە‌بیدا چ ناوێك لە‌و قوتابخانە‌یە‌ بنێین؟

بۆ وە‌ڵامی ئە‌و پرسیارانە‌ دە‌ڵێین:
ڕاستی مێژوو ئە‌وە‌مان پێدە‌ڵێت، كە‌ پێویستیە‌كی بابە‌تی و مێژووی وایكرد كە‌ لە‌ ئە‌نجامی پە‌رە‌سە‌ندنی مێژوویی و كۆمە‌ڵایە‌تی و ئابوری باباندا، پێویست بە‌ شارێكی گە‌ورە‌ و پێشكەوتوو ھە‌بێت، كە‌ ببێت بە‌ پایتە‌ختی ئە‌م میرنشینە‌، دە‌بوو پە‌رە‌بسێنێت و پە‌ل بۆ میرنشینە‌كانی تری كوردستان بھاوێژێت، ئە‌و ئاواتە‌ی بھێنێتە‌ دی، كە‌ بۆ میرانی بۆتان و سۆران نە‌ھاتە‌دی، كە‌ ئاواتیان یە‌كخستنی كوردستان بوو. باری جوگرافی و كۆمە‌ڵایە‌تی شاری (قە‌ڵاچۆن)، كە‌ پایتە‌ختی پێشووی میرنشینی بابان بوو، بۆ ئە‌وە‌ شیاو نە‌بوو پایتە‌خت بێت.
لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ ھە‌ر ئە‌و شوێنە‌ی ئێستای شاری سلێمانی كە‌، لە‌ ھە‌موو ڕوویە‌كە‌وە‌ لێیدە‌ھات ئە‌و پایتە‌ختە‌ی تێدا دروستبكرێت دانانی بناغە‌ی شاری سلێمانی لە‌ساڵی (١٧٨٤)ز دا ئە‌نجامێكی سە‌ربۆری چە‌ند سە‌دە‌ی كوردیشە‌ لە‌ شار دروستكردن، دوا دنیا دیدە‌ی پادشای بابان خۆشی لە‌ نە‌خشە‌كێشان و بیناكردنی شاردا جێگە‌ی خۆیگرت. 
لە‌ شاری سلێمانیدا ھە‌ر لە‌ سە‌رە‌تای دروستكردنیدا گە‌لێك شت پێكھات وە‌ك:

  1.  شارە‌كە‌یان لە‌سە‌ر بناغە‌ی شارستانییە‌ت دروستكرد.
  2.  ھە‌ندێك دیمە‌نی شارە‌ پێشكە‌وتووە‌كانی ئە‌و سە‌ردە‌مە‌ی تێیدا دیاربوو.
  3.  ھە‌ر لە‌ سە‌رە‌تای دامە‌زراندنییە‌وە‌ پڕۆژە‌ی ئاو  و زێرابی تایبە‌تی بە‌ ھە‌موو شار دروستكرا.
  4.  چە‌ند چە‌شنە‌ پیشە‌سازی تێدا دامە‌زرا، كە‌ وێنە‌یان لە‌ سە‌رە‌تای ڕاپە‌ڕینی پیشە‌سازی و پە‌یدابوونی پیشە‌سازی ئە‌ورووپادا پە‌یدابووبوون سابوون دروستكردن و چنین و ڕستن و جۆڵایی و قوتابخانە‌ و دە‌باخانە‌ و چەقماخسازی و كارگە‌چییە‌تی و گە‌لێك پیشە‌سازی تر.
  5.  شارە‌كە‌ بوو بە‌ مە‌ڵبە‌ندێكی گە‌ورە‌ی بازرگانی و پە‌یوە‌ندی بازرگانی لە‌ پاڵ پایتە‌ختە‌ گە‌ورە‌ نزیكە‌كاندا، وردە‌ وردە‌ گە‌یشتە‌ ھە‌ندێك شاری ئە‌وروپیش.

بێگومان ئە‌و پێشكە‌وتنە‌ ئابوورییە‌ و ئە‌و ھە‌وڵە‌ سیاسییە‌، پێشكە‌تونی زانیاری و ئە‌دە‌بیشی لێدە‌بێتە‌وە‌ چە‌شنە‌ وریای و ھۆشیارییە‌ك لە‌ناو دانیشتواندا دروستدە‌كات، بۆیە‌ ھە‌ر لە‌ سە‌رە‌تاوە‌ چە‌ند مزگە‌وت دروستكران و مزگە‌وتی گە‌ورە‌ بوو بە‌ مە‌ڵبە‌ندی خوێندن و سە‌رپە‌رشتی میری بابان.

ھە‌روە‌ھا لە‌ پارە‌ی میرنشینی ڕێ و شوێن بۆ گوزە‌رانی سە‌دان فە‌قێ دانراون، كە‌ لە‌ھە‌موو كونجێكی كوردستانە‌وە‌ دە‌ھاتن، مە‌لای باشیش لە‌ زۆر شوێنە‌وە‌ ھێنرانە‌ سلێمانی و زانای ئە‌و تۆ ھە‌موو وڵاتی ئیسلامدا بڵاو بۆتە‌وە‌. ھە‌روە‌ك جموجوڵ و كێشە‌ی نێوان دوو تە‌ریقە‌ی قادری و نە‌قشبە‌ندی لە‌م شارە‌دا لە‌ سە‌ردە‌می باباندا بە‌ دیمە‌نێكی تری بزوتنە‌وە‌ی ھزری ڕوناكی و ڕاپە‌ڕین و چالاكی جوڵاندنە‌وە‌ی ژیانی ئە‌و سە‌ردە‌مە‌ دادە‌نرێت.
بێگومان لە‌م زە‌وییە‌ بە‌پیتدا، بزوتنە‌وە‌یە‌كی ئە‌دە‌بی تازە‌ش بە‌رپا دە‌بێت و پە‌یڕە‌وێكی ئە‌دە‌بی تازە‌، يا چە‌ند پە‌یڕە‌وێك دێتە‌كایە‌وە‌، گزنگ و مە‌شخە‌ڵی پە‌یڕە‌وێكی ئە‌دە‌بی نوێ لە‌ سلێمانیە‌وە‌ سە‌ری دە‌رھێنا.
قوتابخانە‌ی شیعری بابان، كە‌ ھە‌ندێك لە‌ شارە‌زایانی ئە‌دە‌بی كوردی بە‌ قوتابخانە‌ی (نالی)ی دادە‌نێن و، ھە‌ندێكیش ناوی (نالی و سالم، كوردی) پێكە‌وە‌ دنێن و بە‌ (سێكوچكە‌ی بابان)ی ناودە‌بە‌ن، ئە‌گە‌ر لە‌ ڕووی ناوە‌ڕۆكە‌وە‌ گە‌لێك دیمە‌نی ئە‌و قوتابخانە‌یە‌ لە‌ ئە‌دە‌بی ئە‌مڕۆماندا نە‌مابێت، ئە‌وا لە‌ڕووی ڕوخسار و زمانە‌وە‌ ئە‌دە‌بی ئە‌مڕۆمان، ھە‌ربە‌رە‌و پێشچوونی مێژوویی ڕوخساری ئە‌دە‌بی ئە‌و قوتابخانە‌یە‌.
ھونە‌رمە‌ندی و مامۆستایی (نالی)، توانایە‌كی وای بە‌خشی بە‌ بە‌رھە‌می خۆی و دوو ھە‌ڤاڵە‌كە‌ی، كە‌ زوو بڵاوببێتە‌وە‌ و بچێتە‌ دڵە‌وە‌ و كاربكاتە‌ سە‌ر شاعیرانی تری ناوچە‌ی كوردستان ئە‌و دە‌نگە‌ی لە‌ سلێمانییە‌وە‌ بە‌رزبووە‌وە‌، دە‌نگیدایە‌وە‌ و دە‌نگیدانە‌وە‌كە‌شی لە‌یە‌كە‌م پلە‌دا لە‌ ناوچە‌ی سۆران (ھە‌ولێرە‌)ە‌وە‌ بوو.
ھە‌ر لە‌و سە‌ردە‌مە‌دا شیعری حاجی قادری كۆیی (١٨١٧-١٨٩٧) و ئە‌ختە‌ر (١٨٣٩-١٨٨٧) و كە‌یفی كە‌ خاكی سۆرانە‌وە‌ و مە‌جدی (١٨٤٩-١٩٢٥) لە‌ئە‌ردە‌ڵانە‌وە‌ و كۆمە‌ڵێك شاعیری تری ناوچە‌ی سنە‌ و موكریان ھە‌ر بە‌و چە‌شنە‌یان نووسیووە‌، كە‌ نالی و ھە‌ڤاڵە‌كانی پێیان نووسیوە‌. 
ئە‌و بناغە‌ی (نالی) داینا، لە‌ دوای لە‌ناوچوونی میرنشینی بابان نە‌ڕوخا، بە‌ڵكو ھە‌ر بە‌رە‌و پێشچوو.

سە‌رە‌تا و دە‌ستپێكردن:

زۆرجار، كە‌ باسی شیعری نالی و قوتابخانە‌ی نالی دە‌كرێت، پرسیارێك دە‌ێتە‌ پێشە‌وە‌. ئە‌ویش ئە‌وە‌یە‌ كە‌ چۆن دە‌گونجێت زمانێك یان دیالێكتێكی زمانێك لە‌وە‌ پێش شیعر ی پێنە‌گوترابێت، بە‌ڵام سە‌رە‌تاكە‌ی لە‌ ڕووی ناوە‌ڕۆك و ڕوخسارە‌وە‌ بە‌م چشنە‌ پتە‌وە‌ بێتە‌ كایە‌وە‌؟ 
ئە‌م پرسیارە‌ زۆر لە‌ جێی خۆیدایە و بە‌تە‌واوی لە‌گە‌ڵ ژیربێژی و زانستدا دە‌گونجێت.
بێگومان ئێمە‌ نالی بە‌ ڕابە‌ر و دامە‌زرێنە‌ری قوتابخانە‌ی شیعری بابان دادە‌نێین، ئە‌گە‌ر بە‌رھە‌می نالی لە‌ڕووی ناوە‌ڕۆك و ئە‌و باسانە‌وە‌ كە‌ شیعری دە‌ربارە‌ نوسیوە‌، تە‌واو تازە‌ نە‌بن و لە‌ ناوە‌ڕۆكی شیعری كلاسیزمی ڕۆژھە‌ڵات بچن، ئە‌وا لە‌ڕووی زمانە‌وە‌ تازە‌ن، دیارە‌ ئە‌م تازە‌ییە‌ ئە‌وە‌ ناگەیە‌نێت كە‌ پێش نالی ھیچ جۆرە‌ شیعرێك بە‌و دیالێكتە‌، واتە‌ بە‌ (بە‌شی سلێمانی كرمانجی خواروو) نە‌گوترابێت. بە‌ڵكو ئە‌مە‌ی نالی بە‌ چە‌شنێك خۆی گرتووە‌ و جێی خۆی كردۆتە‌وە‌ ، كە‌ لە‌ پتە‌ویدا ببێتە‌ بناغە‌یە‌كی ئە‌وتۆ كە‌ لێلدانی نەبێت و شاعیرانی تر پە‌یڕە‌وی بكە‌ن و نە‌چنە‌ سە‌ر شێوە‌كانی تر، یا نە‌چنە‌وە‌ سە‌ر ئە‌و زمانانە‌ی تری ڕۆژھە‌ڵات كە‌ ھە‌ندێك شاعیری كورد شیعریان پێنووسیوە‌ (بە‌تایبە‌تی فارسی). 
زانست و مە‌نتیق لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌دایە‌ كە‌ پێش نالی سە‌رە‌تایە‌كی ئە‌وتۆ ھە‌بێت وردە‌ وردە‌ ئە‌و بناغە‌ پتە‌وە‌ بە‌ھێزە‌ی لێپە‌یدابووبێت و بلیمە‌تی نالی و دوو ھاوە‌ڵە‌كە‌ی واكردبێت، كە‌ ئە‌و سە‌رە‌تا ساكارانە‌ بكە‌ن بە‌و بناغە‌ بە‌تینە‌ قوڵە‌ نە‌ لە‌رزیوە‌.
بە‌داخە‌وە‌ باری مێژووی كورد وایكردووە‌، كە‌ بە‌رھە‌می گە‌لێك شاعیری ناودار و بێناومان ونببێت یا بسوتێت.
لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ زۆر بە‌ڵگە‌ و نمونە‌مان بۆ نە‌ماوە‌تە‌وە‌ ناویان بنێین سە‌رە‌تای ساكاری قوتابخانە‌ی نالی، بە‌ڵام لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌شدا ھە‌ندێك نمونە‌ ھە‌ن، كە‌ ببن بە‌ بە‌ڵگە‌ی بوونی ئە‌و سە‌رە‌تایە‌، دیارترینیان ئە‌مانە‌ن:

  1.  ئە‌گە‌ر بە‌ وردی لە‌و بە‌رھە‌مانی ئە‌دە‌بیاتی فۆلكلۆر بكۆڵینە‌وە‌، كە‌ تائێستا تۆمار كراون، یا بە‌دوای بە‌رھە‌می تۆمار نە‌كراوی فۆلكلۆردا بگە‌ڕێین، ئە‌وا گە‌لێك بە‌رھە‌می وامان دە‌ستدە‌كە‌وێت، كە‌ بە‌پێی ڕووداوی مێژووی و ھە‌ندێك دیمە‌نی ترییە‌وە‌، بڕیاری ئە‌وە‌یان بە‌سە‌ردا بدە‌ین، كە‌ بە‌رھە‌می پێش (نالی)ن و ھە‌ر بە‌ دیالێكتە‌كە‌ی ئە‌ویش نووسراوە‌.
  2.  ھە‌رچە‌ندە‌ تا ئێستا بە‌ تە‌واوی ساڵی لە‌دایكبوون و مردنی (عە‌لی بە‌ردە‌شانی)مان بۆ ساغ نە‌بۆتە‌وە‌، بە‌ڵام ھە‌موو بە‌ڵگە‌كان لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌دان كە‌ عە‌لی بە‌ردە‌شانی پێش نالی كە‌وتووە‌ و ڕە‌نگە‌ ماوە‌یە‌ك ژیانیان پێكە‌وە‌ بووبێت. لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ دە‌توانین بە‌رھە‌می عە‌لی بە‌ردە‌شانی كە‌ شیعری میللە‌تە‌ بە‌سە‌رە‌تایە‌كی سادە‌ی برھە‌می نالی دابنێین، تە‌نانە‌ت ئە‌گە‌ر لە‌ شیعری عە‌لی بە‌ردە‌شانی بكۆڵینە‌وە‌ دە‌توانینن ھە‌ندێك پە‌یوە‌ندی لە‌ نێوان ئە‌و  وسالمدا بدۆزینە‌وە‌. بە‌تایبە‌تی لە‌ڕووی باس و ناوە‌ڕۆكە‌وە‌ ھە‌رچە‌ندە‌ لە‌ ڕوخساردا جیاوازیان ھە‌یە‌. 
  3. (مە‌ولودنامە‌ی) شێخ حسێنی قازی (١٧٩١-١٨٧٠) بە‌ یە‌كە‌م بە‌رھە‌می پە‌خشانی كوردی دادە‌نرێت. بە‌داخە‌وە‌ تا ئێستا ساڵی نووسینی ئە‌و مە‌ولودنامە‌یە‌ نازانین، بە‌ڵام ئە‌وە‌ دە‌زانین كە‌ شێخ حوسێنی قازی بە‌تە‌مە‌ن لە‌ نالی گە‌ورە‌ترە‌ و لە‌ ڕووی بە‌رھە‌می ئە‌دە‌بییە‌وە‌ ھاوچە‌رخی ئە‌وە‌. ئە‌گە‌ر مە‌ولودنامە‌كە‌ی بە‌ سە‌رە‌تا دانە‌نرێت بۆ شیعری نالی ئە‌وا بە‌ دیاردە‌یە‌كی ئە‌دە‌بی وا دادە‌نرێت كە‌ لە‌و بارودۆخە‌ مێژوویە‌دا لە‌دایكبووە‌ كە‌ شیعری نالی تێدا پە‌یدابووە‌.


سەرچاوەکان



4869 بینین